ئایا ئێوەمان دروست نەکردووە لە ئاوێکی بێ نرخ؟
ئەمجا خستمانە جێگایەکی پتەوەوە
تا ماوەیەکی دیاریكراو
ئەمجا بەئەندازەگیریەکی ڕێك وپێك دروستمان کرد، ئای (ئێمە) چ ئەندازەگیرێکی تەواو وچاکین
وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
ئایا ئێمە زەویمان نەکردۆتە کۆ کەرەوە
بۆ زیندووان ومردووان
وە لە ناویدا شاخانی بەرزی لەنگەر داکوتاومان داناوە وە ئاوی شیرینمان پێ نۆشین
(بەم بێ بڕوایانە دەوترێت) وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
بڕۆن بۆ لای ئەو دۆزەخەی کە بە درۆتان دەزانی
بڕۆن بۆ لای سێبەری دوکەڵێکی سێ بەش
نە سێبەرێکی فێنکە ونەشتێك لە گڕی (دۆزەخ) بەرگری بکات
بەڕاستیی دۆزەخ پزیسکی وەك کۆشك دەھاوێژێت
(بەرودوا دەڕۆن) ئەڵێ ی کاروانی حوشتری زەردن
وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
ئەمڕۆ ڕۆژێکە (بێ باوەڕان) ناتوانن قسەی تێدا بکەن
وە مۆڵەت نادرێن کە بڕوبیانوو بھێننەوە
وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
ئەمڕۆ ڕۆژی بڕیاردانە (جیاکردنەوەیە) ئێوە وپێشینانمان کۆ کردوەتەوە
سا ئەگەر فێڵ وپیلانێکتان ھەیە ئەنجامی بدەن
وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
بێگومان پارێزکاران ولەخواترسان لە سێبەرو (قەراغی) کانیاوی زۆران
وە لەناو میوەھاتێکدان کە حەزی لێ دەکەن
(پێیان دەڵێن) بخۆن وبخۆنەوە نۆشتان بێ بەھۆی ئەوەی کە دەتان کرد
بێگومان ئێمە ئاوا پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە
وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
(ئەی کافران) بخۆن وڕابوێرن ماوەیەکی کەم (لە دونیادا)، بەڕاستی ئێوەن تاوانباران
وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
وە کاتێك پێیان بوترێت (لەخوا بترسن و) کڕنوش بەرن، کڕنوش نابەن
وای بۆ بێ بڕوایان لەو ڕۆژەدا
(ئەگەر ئەوان باوەڕ بە قورئان نەکەن)ئیتر بە چ فەرموودەیەکی تر بڕوا دەھێنن دوای قورئان؟