موحەممەد ﷺ پێغەمبەری خوایە ئەو (باوەڕدار)انەش کەلەگەڵیدان بەرامبەر بێ باوەڕان توندو تیژن و لەنێوان خۆیاندا بە بەزەیین، دەیان بینی (ھەمیشە) لە کوڕنوش وسوژدە بردنـدان، داوای فەزڵ وڕەزامەندی خودا دەکەن، نیشانەیان لە ناو چاوانیاندا دیارە بەھۆی زۆر سوژدە بردن (یانەوە)، جا ئەو (ھاوەڵە بەڕێزانە) ئەوە نموونە وصیفەتیان بوو لە تەوراتدا وە نموونە وصیفەتیان لە ئینجیلیشدا وەك ڕووەك وکشتوکاڵێك وایە چەکەرەی دەرکردبێت (سەوز بووبێت) ئەمجا چەکەرەکەی بەھێز کرد بێ و قاییم بوو بێت، جا لەسەر لاسکی خۆی ڕێك وەستابێ (ئەوەندە جوان بێ) جوتیارەکانی سەرسام کرد بێ، تا بە (زۆر بوونی) ھاوەڵانی داخ ومەراق بدا بەکافران, خوا بەڵێنی داوە بەوانەیان کە باوەڕیان ھێناوە وکردەوەی چاکەیان کردووە بە لێبوردن و پاداشتی گەورە (کە بەھەشتە)
ئەی ئەو کەسانەی کەباوەڕتان ھێناوە پێش مەکەون (لە ھیچ کاروبڕیارێکدا) لەخواو پێغەمبەرەکەی و لەخوا بترسن، بێگومان خوا بیسەر وزانایە
ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە دەنگتان بەرز مەکەنەوە بەسەر دەنگی پێغەمبەردا ﷺ وە بەدەنگی بەرز قسەی لەگەڵ مەکەن وەك دەنگ بەرز کردنەوەتان لەگەڵ یەکتریدا، نەوەکو کردەوەکانتان بەتاڵ ببێتەوە وخۆشتان ھەستی پێنەكەن
بێگومان ئەوانەی دەنگیان نزم دەکەنەوە لەخزمەتی پێغەمبەردا ﷺ ئەوانە ئەو کەسانەن خوا دڵیانی زاخاو داوە وپاکی کردوەتەوە بۆ تەقوا وخواناسین، لێخۆشبوون وپاداشتی گەورەیان بۆ ھەیە
بێگومان ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ژوورەکان بانگت دەکەن (ئەی موحەممەد ﷺ) زۆربەیان نەفامن وتێناگەن