بڵێ بەجێماوان لەغەزا لە عەرەبە دەشتەکیەكان لەمەولا بانگ دەکرێن بۆ (جەنگ لەگەڵ) گەلێکی زۆر بەھێزی جەنگاوەر (دەبێ) جەنگیان لەگەڵ بکەن یان خۆیان موسڵمان ببن، جا ئەگەر گوێرایەڵ بن خوا پێیان دەدات پاداشتێکی زۆرباش وە ئەگەر سەرپێچی بکەن ھەروەك لەوەو پێش سەرپێچیتان کرد (لە حودەیبیەدا)، (خوا) سزایەکی سەختان دەدات
بۆ کوێر گوناە نیە (بەشداری جیھاد نەکات) بۆ شەلیش گوناە نیە ھەروەھا بۆ نەخۆشیش گوناە نیە وە ھەر کەس گوێرایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بێت دەیباتە بەھەشتانێك کەڕوبارەکان بەژێریاندا دێن ودەچن ھەر کەسیش سەرپێچی بکات، (خوا) سزای سەختی دەدات
سوێند بەخوا بێگومان خوا ڕازی بوو لەو ئیماندارانەی کە پەیمانیان پێدایت لەژێر درەختەکەدا (لە حودەیبیە)، جا خوا ئاگادار بوو بەوەی لە دڵیاندایە، بۆیە دڵنیایی وئارامی بۆ ناردن وە پاداشتی دانەوە بەسەرکەوتنێکی نزیك (کەئازاد کردنی خەیبەر بوو)
وە غەنیمەتی زۆر کەبەدەستی دەھێنن وە خوا ھەمیشە زاڵ وباڵادەست وکاربەجێیە
خوا بەڵێنی پێ داوون کەغەنیمەتی زۆر (لە بێ باوەران) دەگرن بۆیە ئەم (غەنیمەتەی خەیبەر)ی بۆ پێش خستن وە دەستی خەڵکی (مەککەی) لێتان کۆتا کرد تا (ئەم ڕووداوە) ببێتە بەڵگەیەك بۆ باوەڕداران وەتا ڕێنموونیتان بکات بۆ ڕێگای ڕاست
وە چەندەھا (غەنیمەتی)تر ھەیە کەھێشتا دەسەڵاتتان نیە بەسەریدا، بێگومان خوا ئاگای لەھەموویانە وەخوا ھەمیشە بەسەر ھەموو شتێکدا بەدەسەڵات وبـەتوانایە
ئەگەر ئەوانەی کافرن جەنگیان لەدژتان بکردایە بێگومان (تێك دەشکان و) ھەڵدەھاتن پاشان دەستیان نەدەکەوت ھیچ دۆست وپشتیوانێك
ئەوە یاسا وباوی خوایە کە بێگومان پێشتریش ھەروا بووە قەت نابینیت باو ویاسای خوا ھیچ گۆڕانێکی بەسەردا بێت