وە لە ئاسمانەوە بە ئەندازە (ی پێویست) بارانمان باراند ئەمجا ئەو (ئاوە)مان لە زەوی دا ھێڵایەوە (ڕاگرت) وە بێگومان ئێمە بەسەر لەناوبردنی ئەو (ئاوە)دا بەتواناین
ئەمجا بە ھۆی ئەو (بارانە)وە بەدیمان ھێناوە (ڕواندومانە) بۆتان چەند باخی خورما و ترێ بۆ ئێوە ھەیە لەو باخانەدا میوەی زۆر وە لە ھەندێکیان دەخۆن (بەشێوەی بژێوی وەک مێوژ و خورما)
ھەروەھا (ڕواندومانە)جۆرە دارێک (زەیتون) کەلە طوری سینا دەڕوێت کە ڕۆن و پێخۆرێک دەگرێت بۆ ئەوانەی دەیخۆن
وە بەڕاستی بۆ ئێوە لە ماڵات و ئاژەڵدا پەند ھەیە پێتان دەنۆشین ئەو (شیرەی) لە ناو سکیاندایە وە بۆ ئێوە لەو (ئاژەڵانەدا) سوود و کەڵکێکی زۆر ھەیە و لێشیان دەخۆن
وە لەسەر (پشتی ھەندێ لە) ئەوان و لەسەر (پشتی) کەشتییەکانیش سوار دەکرێن
سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە نوحمان نارد بۆ لای ھۆزەکەی جا پێی ووتن ئەی ھۆزەکەم خوا بپەرستن، ئێوە جگە لەئەو پەرستراوێکی ترتان نیە، دەی ئایا خۆتان ناپارێزن
جا ووتیان ئەو دەسەڵاتدار و ناودارانەی کە بێ باوەڕبوون لە ھۆزەکەی (نوح)، ئەم (نوحە) تەنھا کەسێکە وەک ئێوە، دەیەوێت خۆی بکاتە گەورە بەسەرتانەوە، ئەگەر خوا بیویستایە (پێغەمبەرێک بنێرێت) فریشتەی دەناردە خوارەوە ئێمە شتی وامان نەبیستووە لە باوو باپیرە پێشووەکانمانەوە
ئەم (نوحە) ھەر پیاوێکە شێتی لەگەڵدایە جا تاماوەیەک چاوەڕوانی بکەن (بەڵکو چاک بێتەوە)
(نوح) ووتی ئەی پەروەرد گارم یارمەتیم بدە (سەرم بخە) لەبەر ئەوەی باوەڕم پێ ناھێنن
ئەمجا ئێمە نیگامان بۆ کرد کە کەشتیەکە دروست بکە بە پێش چاو و چاودێری وفەرمان و نیگای ئێمە (لەم ئایەتەدا باسی سیفەتی -چاو، عەین - ھاتووە بۆ خوای گەورە، بڕوامان پێیەتی بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەک، شێوەکەی نازانین وە تەنھا خوا خۆی دەزانێت) ئەمجا کاتێک فەرمانی ئێمە (بۆ لەناوبردنی ئەوان) ھات و ئاو لە تەنورەوە ھەڵقوڵا (نیشانەی دەسپێکردنی توفانەکەیە) تۆش بیخەرە ناو کەشتیەکەوە (سواری کە) لە ھەموو جۆرە (ئاژەڵێک)جوتێک (نێر ومێ یەک) ھەروەھا (سواری بکە ئەندامانی) خێزانەکەت جگە لەوانەیان کە بڕیاری لە ناو چوونیان دراوە (کە کوڕەکەی و ھاوسەرەکەی بوون) وقسەشم لەگەڵدا مەکە لەبارەی ئەوانەی کەستەمیان کردوە (و باوەڕیان نەھێنا) چونکە بێگومان ئەوانە دەخنکێنرێن