ئەی ئەوانەی کە ئیمانتان ھێناوە بجەنگن لەدژی ئەوانەی کە نزیکن لێتانەوە لە بێ بڕوایان وە با بێ باوەڕان لە ئێوەدا توند و تیژی ببینن و بزانن بێگومان خوا لەگەڵ پارێزکاران و لەخوا ترساندایە
وە کاتێک سورەتێک (لەقورئان) بنێردرێتە خوارەوە (دوو ڕووەکان) ھی وایان ھەیە دەڵێت کام لە ئێوە باوەڕی بەم (سورەتە) زیادی کرد جا ئەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە ئەمە ئیمانیان زیاد دەکات (و بەھێزتر دەبێت) وە ئەوان مژدە بەخشن و خۆش حاڵن
بەڵام ئەوانەی لەنێو دڵیاندا نەخۆشی (و ناپاکی) ھەیە (وەک دوو ڕوەکان) ئەوە سورەتەکە بۆیان زیاد دەکات سەرەڕای پیسی و ناپاکی خۆیان پیسی و ناپاکی تر ئەو (ناپاکانە) دەمرن لەکاتێکدا کە بێ بڕوان
ئایا ئەوانە نازانن و نابینن بێگومان ئەوان تاقی دەکرێنەوە لەھەموو ساڵێکدا جارێک یان دووجار پاشان ئەوان ناگەڕێنەوە و تۆبەناکەن و پەند وەرناگرن
وە کاتێک سورەتێک بنێردرێتە خوارەوە (ئەو دووڕوانە) دەڕوانن بۆ یەکتری (دەڵێن) ئایا ھیچ کەس دەتان بینێت؟ پاشان (بە دزیەوە) دەگەڕێنەوە خوا دڵیانی وەرگێڕا (لە بڕواھێنان) چونکە بەڕاستی ئەوانە کۆمەڵێکن ھیچ تێ ناگەن
سوێند بەخوا بەڕاستی بۆتان ھاتووە پێغەمبەرێک لە خۆتان قورس و گرانە بەلایەوە ناڕەحەتی و ناخۆشی ئێوە زۆر سوورە لەسەر (باوەڕھێنان) تان بۆ بڕواداران زۆر دڵسۆز و میھرەبانە
جا ئەگەر ڕوویان وەرگێڕاو گوێیان پێ نەدایت ئەوسا بڵێ من تەنھا خوام بەسە کە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە جگە لە ئەو تەنھا پشت بەو دەبەستم ئەویش پەروەردگاری عەرشی گەورەیە