(موجاھیدانی ڕێگای خوا، ئەمانە سیفەتیانە) تۆبەکارن خواپەرستن سوپاسگوزار وگەشتیارن (کۆچەرن لەپێناو خوادا) کـڕنوش و سـوژدە بەرن (نوێژ خوێنن) فەرمـاندەرن بەچاکە و ڕێگریکەرن لـە خراپە پـارێــزەران بۆ سنوورەکانی خوا جا (ئەی موحەممەد ﷺ) موژدە بدە بەو باوەڕدارانەی (ئەو سیفاتانەیان تێدایە)
ڕەوا وشایستە نیە بۆ پێغەمبەر وباوەڕداران کە داوای لێخۆشبوون بکەن بۆ ھاوبەشدانەران با خزمی نزیکیشیان بن لە پاش ئەوەی کە بۆیان دەرکەوتووە کە بێگومان ئەو (ھاوبەشدانەرانە) ھاوەڵ و پێڕی دۆزەخن
وە داوای لێخۆشبوونی ئیبراھیم بۆ باوکی تەنھا لەبەر وادە و بەڵێنێک بوو کە بە باوکی دابوو (کە داوای لێخشبوونی بۆ بکات) جا کاتێک بۆی ڕوون بوویەوە کە بێگومان باوکی دوژمنی خوایە خۆی لێبەری کرد بەڕاستی ئیبراھیم زۆر لە خوا ترس و لەسەر خۆ بوو
وە خوا ھیچ گەل وھۆزێک گومڕا ناکات دوای ئەوەی ڕێنمونی کردوون ھەتا بۆیان ڕوون نەکاتەوە ئەوەی پێویستە خۆیانی لێ بپارێزن بێگومان خوا زانا و ئاگادارە بەھەموو شتێک
بێگومان ھەر بۆ خوایە پادشایەتی وموڵکی ھەموو ئاسمانەکان و زەوی (خوا) دەژێنێت و دەشمرێنێت وە بێجگە لەخوا بۆ ئێوە نیە ھیچ دۆست و فریادڕەس و یارمەتیدەرێک
بێگومان خوا تەوبەی وەرگرت لە پێغەمبەر ﷺ و لەو کۆچەر و یاریدەرانەی کە شوێنی (پێغەمبەر ﷺ) کەوتن لە کاتی سەختی و ناڕەحەتیدا (مەبەست پێی جەنگی تەبوکە) پاش ئەوەی نزیک بوو دڵی کۆمەڵێکیان لە ھەق لابدات پاشان خوا تەوبەی لێ وەرگرتن بە ڕاستی خوا لەگەڵیان دڵسۆز و میھرەبانە