بێگومان پەروەردگاری تۆ دەزانێت (ئەی موحەممەد ﷺ) کە تۆ ھەڵدەسیت (بۆشەو نوێژکردن) شتێك کەمتر لە دووبەش لە سێ بەشی شەو، وە نیوەی" یان سێیەكی وە دەستەیەك لەوانەی کە لە گەڵتدان وە خوا ئەندازەی شەو وڕۆژ دیاری دەکات، (خوا) زانی کە ئێوە ناتوانن ئەندازەی شەو نوێژ ڕابگرن لە بەرئەوە لێتان خۆش بوو، دەی ئەوەندەی بۆتان دەلوێت وئاسانە لاتان قورئان بخوێنن ودەوری بکەنەوە، (خوا) دەزانێت کە لەمەولا کەسانێکتان نەخۆش دەبێت وە کەسانێکی ترتان دەرۆن بەسەر زەویدا بە شوێن ڕۆزیی ونیعمەتی خوادا دەگەڕێن وەکەسانێکی ترتان دەجەنگن لە ڕێگای خوادا، ئەمجا بخوێننەوە لە قورئان ئەوەندەی کە بۆتان دەلوێ ولاتان ئاسانە وە نوێژ بکەن وزەکات بدەن وە قەرز بدەن بەخوا بە قەرزێکی چاك (مەبەست ئەوەیە خێر وخێرات وسەدەقە بکەن لە ڕێی خوادا)، ھەر چاکەیەك پێش بخەن بۆ خۆتان، لای خوا دەستان دەکەوێتەوە، ئەوەیشی لای خوایە چاکتر وگەورەترە لە ڕووی پاداشتەوە وە داوای لێخۆش بوون بکەن لە خوا، بەڕاستی خوا لێبووردە ومیھرەبانە
ئەی ئەو کەسەی کە خۆت پێچاوەتەوە
ھەستە (خەڵکی) بێدار کەرەوە
وە پەروەردگارت بە گەورە بگرە
وە پۆشاکت بە پاك ڕابگرە
بەردەوام بە لەوازھێنان لە بت پەرستی و گوناە
وە شت مەبەخشە وبەزۆری بزانیت
وە لەبەر پەروەردگارت خۆت ڕابگرە
ھەر کاتێك کە فوکرا بە کەڕەنادا
ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی سەخت وگرانە
لەسەر کافران سووك وئاسان نیە
واز لە من وئەو کەسە بهێنە کە دروستم کردووە بە تەنھا
وە دارایی زۆر وزەبەندەم پێداوە
وە کوڕانی ئامادە وبەردەست
وە ھۆی ژیانم بۆ ڕاخستووە بە چۆن ڕاخستنێك
دوای ئەمانەش ھێشتا بە تەمایە زیاتری بدەمێ
نا ،(چاوەڕوان نەبێت) بە ڕاستی ئەو دەربارەی ئایەت ونیشانەکانی ئێمە بێباوەڕێکی کەلە ڕەقە
بەم زووانە سزای سەختی پێ دەچەژم