تەسبیحاتی خوا دەکات ئەوەی لە ئاسمانەکان وە ئەوەی لە زەوی دایە، (ئەو خوایەی) کە پاشایەکی پاك وبێگەردی زاڵ وباڵادەسەت وکار بەجێیە
خوا ئەو زاتەیە کە ناردوویەتی لە ناو نەخوێندەواراندا (عەرەبەکاندا) پێغەمبەرێك لە خۆیان دەیخوێنێتەوە بەسەریاندا نیشانەکانی خوا، پاکیان دەکات وە قورئان وفەرموودەی (پڕ سوود)یان فێردەکات، ھەر چەند ئەوان لەپێشدا لە گومڕاییەکی ئاشکرادا بوون
وە (ڕەوانەشی کردووە بۆ) گەلانی تری جگە لەوان کە ھێشتا پێیان نەگەیشتوون (و موسوڵمان نەبوون) وە خوا زاڵ وباڵادەسەت وکار دروستە
ئەوە بەھرەیەکی خوایە ئەیدا بە ھەر کەسێك کە(خۆی) بیەوێت وە خوا خاوەنی فەزڵ وبەخششی گەورەیە
نموونەی بەسەرھاتی ئەوانەی کە تەوراتیان درا بەسەردا لە پاشان ھەڵیان نەگرت (ڕەفتاریان پێ نەکرد) وەك گوێ درێژێکە کە کتێبێکی زۆری ھەڵگرتبێت (سوودی لێ نابینێ) ئای چەند خراپە نموونەی ئەو گەلەی کە نیشانەکانی خوایان بە درۆزانی وە خوا ڕێنمونی گەلی ستەمکاران ناکات
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: ئەی ئەوانەی کە لەسەر دینی جولەکەن ئەگەر پێتان وایە کە بەڕاستی ئێوە دۆستی خوان بێجگە لە خەڵکی تر کەوا بوو داوای مردن بکەن ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن
وە ئەوانە ھەرگیز داوای مردن ناکەن لەبەر ئەو (گوناھانەی) کە بەدەستی خۆیان پێشیان خستووە وە خوا ئاگادارە بەستەمكاران
بڵێ بەڕاستی ئەو مردنەی کە لێی ڕادەکەن بێگومان پێتان دەگات وتووشتان دەبێت، لەپاشان دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای خوای زانا بەئاشکرا ونھێنیەکان، ئەمجا ھەواڵتان پێ دەدات بەوەی کە دەتانکرد