ئایا نەتانزانیوە کە بەڕاستی خوا ڕامی ھێناوە بۆتان ئەوەی لەئاسمانەکان و ئەوەی لەزەویدایە وە نیعمەتەکانی ڕشتووە بەسەرتاندا چ دیار و ئاشکرا و چ پەنھان و نادیارە ھەندێك لەئادەمی موجادەلە و دەمەقاڵێ دەکات لەبارەی خواوە بەبێ ھیچ زانیاریەك یان ڕێنمونیەك یان کتێبێکی ڕوون وئاشکرا
کاتێك پێتان بووترێت شوێن ئەو (قورئانه) بکەون کە خوا ناردویەتە خوارەوە دەڵێن: نەخێر بەڵکو شوێن ئەوە دەکەوین کە باوو باپیرانمان لەسەری بوون ئەگەر چی باوو باپیرانیشیان ھیچ تێ نەگەیشتبن و گومڕا بووبن (ڕێنمایش وەرنەگرن)
ھەرکەسێك بەڕاستی ڕووبکاتە خوا (ملکەچی فەرمانەکانی ئەو ببێت) و چاکەکار بێت (لەگوفتار و کرداریدا) ئەوە بێگومان دەستی گرتووە بە بەھێزترین دەستە گییرەوە (کە یەکخواپەرستی وئاینی پیرۆزی ئیسلامە) وە سەرئەنجامی ھەموو کارێک تەنھا بۆلای خوایە
وە ھەرکەس بێ بڕوا بوو، بابێ بڕواییەکەی خەفەتبارت نەکات گەڕانەوەیان تەنھا بۆلای ئێمەیە ئەمجا ھەواڵیان دەدەینێ بەوەی کردوویانە بەڕاستی خوا بەوەی لەناو دڵەکاندایە ئاگادارە
کەمێك نازو نیعمەتیان پێ دەدەین (لە دونیادا ) لەپاشان ناچاریان دەکەین کە بڕۆنە ناو سزای سەختەوە
سوێند بەخوا ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت کێ ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە بێگومان دەڵێن: خوا (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵی: سوپاس بۆ خوا (کەدان بەو ڕاستیەدا دەنێن) بەڵام زۆربەیان نازانن
موڵکی خوایە ئەوەی لەئاسمانەکان و زەویدایە بەڕاستی ھەر خوایە بێ نیازی ستایشکراو
بێگومان ئەگەر ھەرچی درەخت لەزەویدایە قەلەم و پێنووس بێت ھەموو دەریای زەوی ببێتە مرەکەب حەوت دەریای تر دوای ئەوەی (باسکرا) ببێت بەمرەکەب ووتە و زانراوەکانی خوا دوایی نایەن و تەواو نابن بەڕاستی خوا زاڵی باڵادەست وکار دروستە
دروستکردنی ھەمووتان (لەسەرەتاوە) و زیندووکردنەوەتان وەك (دروستکردن و زیندوکردنەوەی) تەنھا کەسێك وایە بەڕاستی خوا بیسەر وبینایە