بـە ( ئـەلیف، لام، میم ) دەخوێنرێتەوە، خوای گەورە زاناترە بە واتاکەی.ئەم پیتانەی کە لەسەرەتای ھەندێک لەسورەتەکانی قورئاندا ھاتوون، تەنھا خوای گەورە دەزانێت مەبەستی پێیان چیە، ئەمە ڕاسترین تەفسیرە بۆ ئەم پیتانە کرابێت، بەڵام بەچەند جۆرێکی تریش تەفسیرکراون لەوانە: ئەم پیتانە ناون بۆ ئەوسورەتانەی لەسەرەتایانەوە ھاتوون، یان ناون بۆ خوای گەورە، یان بۆ دەستەوسانکردنی عەرەبە بێباوەڕەکانە کە دەیانووت ئەم قورئانە لەلایەن خوداوە نەھاتوەتە خوارەوە بۆ موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) پێیان دەڵێت: دەی ئەگەر وایە وێنە وھاوشێوەی ئەم قورئانە بھێنن، کە ھەر لەو پیتانە پێـکھاتووە کە ئێوە قسەی پێ دەکەن و بەکاریان دەھێنن
ئەم ئایەتانە لەئایەتەکانی قورئانی پڕ لە حیکمەت و داناییە
(ھۆی) ڕێنمونی و بەزەیین بۆ چاکەکاران
ئەوانەی کەنوێژ بەجێ دەھێنن و زەکات دەدەن ھەروەھا باوەڕی پتەویان بەڕۆژی دوایی ھەیە
ئەوانە لەسەر ڕێنمونین لەلایەن پەروەردگاریانەوە وە ھەر ئەوان سەرکەوتوون
ھەندێك لەخەڵکی ھەیە قسە و باسی بێھودە دەکڕێت (وەك ئەفسانە وگۆرانی و مۆسیقا) بۆ ئەوەی بەنەزانی خەڵك لەڕێگای خوا گومڕا بکات وە ڕێگای خوا دەکاتە جێگای گاڵتەو لاقرتی ئەوانە سزای ڕیسواکەر یان بۆ ھەیە
وە ھەر کاتێك ئایەتەکانی ئێمەی بەسەردا بخوێنرێتەوە ڕوو وەردەگێڕێت بەخۆ بەگەورە زانینێکەوە ھەروەک نەیبیستبن، یان ھەروەك لە ھەردوو گوێچکەیدا کەڕی ھەبێت دەی (ئەی موحەممەد ﷺ) مژدەی بدەرێ بەسزایەکی سەخت
بێگومان ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان ئەنجامداوە بۆئەوانە بەھەشتانی پڕنازونیعمەت ھەیە
ھەتا ھەتایە دەمێننەوە تێیدا ئەوە بەڵێنێکی ڕاستە لەخواوە وە ھەر ئەو زاڵی باڵادەست و کاربەجێیە
(خوا) ئاسمانەکانی دروستکردووە بەبێ ھیچ کۆڵەکەو ئەستوونێك کە ئێوە بیبینن وە لە زەویدا چەندان شاخی لەنگەر داکوتاوی داناوە بۆ ئەوەی نەتانلەرزێنێ و نەجوڵێ لەژێرتاندا لەھەموو جۆرە زیندەوەرێکی تێدا بڵاوکردۆتەوە وە لەئاسمانەوە بارانمان باراندوە بەھۆی ئەو (بارانەوە) لەزەویدا ھەموو جۆرە ڕووەکێکی بەکەڵك و جوانمان ڕواندووە
ئەمە (باسکرا) دروستکراوی خوایە دەی نیشانم بدەن ئەو (بت و پەرستراوانە) ی بێجگە لەخودان چییان دروستکردووە (ھیچیان دروست نەکردووە) بەڵکو ستەمکاران لە گومڕایی یەکی ئاشکرادان