(ئەی موحەممەد ﷺ) پرسیارت لێ دەکەن سەبارەت بە دەسکەوتەکانی (جەنگی بەدر) تۆش بڵێ: ئەو دەست کەوتانە ھەر بۆ خوا و پێغەمبەرن ﷺ کەواتە خۆتان بپارێزن و لە خوا بترسن وە پەیوەندی نێوان خۆتان چاک بکەنەوە وگوێڕایەڵی خواو پێغەمبەرەکەی بن ئەگەرئێوە بڕوادارن
بێگومان بڕواداران تەنھا کەسانێکن کاتێک کە باسی خوا کرا و ناوی ھێنرا دڵیان دەترسێت و ترسی لێ دەنیشێت کاتێکیش ئایەتەکانی خوا بخوێنرێتەوە بەسەریاندا بڕوایان (پێی) زیاد دەبێت و ھەر پشت بە پەروەردگاری خۆیان دەبەستن
ئەوانەن کە بەڕاستی نوێژەکانیان بەجێ دەھێنن وە لەو ڕزق و ڕِۆزیەی پێمان داوون (لە پێناوی خوادا) دەیبەخشن
ھەر ئەوانەن بڕوادارانی ڕاستەقینە پلەی بەرزیان بۆ ھەیە لای پەروەردگاریان و لێ خۆشبوونی (تاوانەکانیان) و ڕۆزی پەسەند و چاکیان بۆ ھەیە
ھەر چۆنێک کە پەروەردگارت لە ماڵەکەت ( لەشاری مەدینە) دەریھێنایت (بۆ جەنگی بەدر) بەھەق و ڕاستی لەکاتێکدا بێگومان دەستەیەک لەبڕواداران بێزاربوون و پێیان ناخۆش بوو
دەمەقاڵێت لەگەڵدا دەکەن لە (شتی) ھەق و ڕاستدا دوای ئەوەش کە بۆیان ڕوون بوەتەوە (کە ڕاستە ھێشتا جەنگیان لا گرانە) وەک ئەوەی بە توندی بەرە و مردن ببرێن و بەچاوی خۆیان (مردن) ببینن
(بیری ئەو کاتە بکەنەوە) کەخوا بەڵێنی بەئێوەدا دەستکەوتی یەکێک لەو دوو کۆمەڵە (کاروانە بازرگانیەکە یان سەرکەوتن بە سەریاندا) بەڕاستی دەبێتە ھی ئێوە, وە ئێوە ئەوەتان پێ خۆشە کە ئەو دەستکەوتە بێ چەکە، (کاروانە بازرگانیەکە) بۆ ئێوە بێت بەڵام خوا دەیەوێت ووتەکانی خۆی بەڕاست دەرچێت و (حەق سەرکەوێت) و ڕەگ و ڕیشەی بێ باوەڕان لەبن بھێنێت
تا ھەق جێگیر بکات و ناحەقیش لەناو بەرێت و پوچەڵی بکاتەوە با تاوانبارانیش پێیان ناخۆش بێت