پەیامەکانی پەروەردگارم بەئێوە ڕادەگەیەنم وە من بۆ ئێوە ئامۆژگاریکەرێکی دەست پاک و ئەمینم
ئایا سەرتان سوڕماوە لەھاتنی (نیگاو) ئامۆژگاری لەلایەن پەروەردگارتانەوە بۆ پیاوێک لەخۆتان ھەتا بتانترسێنێت وە بیری (چاکەکانی خوا) بکەنەوە کاتێ ئێوەی کرد بەجێنشین لەپاش گەلی نوح وە لەش وقەڵافەتی ئێوەی لەوان گەورەتر دروستکرد کەواتە بیری چاکەو بەھرەکانی خوا بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارتان ببێت
ووتیان ئایا بۆ ئەوە ھاتووی بۆ ناومان کە بەتەنھا خوا بپەرستین وە وازبھێنین لەوەی باوک و باپیرانمان دەیانپەرستن کەواتە ئەو (سزایەی) کەبەڵێنت پێ داوین بۆمان بێنە دی ئەگەر ڕاست دەکەیت و لەڕاست گۆیانی
فەرمووی: بێگومان لەلایەن پەروەردگارتانەوە تووشتان بووە سزاو خەشم و توڕەیی ئایا دەمە قاڵێم لەگەڵدا دەکەن دەربارەی چەند ناوێک کەئێوەو باو و باپیرانتان ناوتانە لەبتانێک کەخوا ھیچ بەڵگەیەکی لەسەریان نەناردۆتە خوارەوە جا کەواتە چاوەڕوانی بکەن منیش لەگەڵتان لەچاوەڕوانانم
ئەوسا ئەو و ئەوانەش لەگەڵی بوون و ( باوەڕیان پێ ھێنا بوو) بەمیھرەبانیەک لەلایەن خۆمانەوە ڕزگارمان کردن ئەوانەشمان لەڕیشە ھێنا کەئایەتەکانی ئێمەیان بەدرۆ دادەنا و باوەڕدار نەبوون
وە بۆ گەلی سەمودیش ساڵحی برایانمان نارد فەرمووی: ئەی گەلەکەم خوا بەتەنھا بپەرستن جگە لەو پەرستراوێکی ترتان نیە بێگومان موعجیزەیەکی ڕوونتان لەپەروەردگارتانەوە بۆ ھاتووە ئەمە حوشتری خوایە کە موعجیزەیەکە بۆ ئێوە جا لێی گەڕێن با بخوا و بلەوەڕێت لەزەوی خوادا و ئازاری مەدەن و دەستی بۆ مەبەن بەخراپە (ئەگەر وابکەن) تووشی سزایەکی سەخت و بەئازار دەبن