وە بێگومان ئەگەر ئێمە پێویستمان بکردایە لەسەریان کە یەکتری بکوژن (واتە باوەڕداران بێ باوەڕان بکوژن) یان لەماڵەکانتان دەربچن ئەوەیان نەدەکرد کەمێکیان نەبێت وە ئەگەر بەڕاستی ئەوان کاریان بکردایە بە پێی ئەو ئامۆژگارییانەی دەکران ئەوە باشتر بوو بۆیان وە دامەزراوتر دەبوون (لەسەر ئایینەکەیان)
جا ئەو کاتە بێگومان پێمان دەبەخشین لەلایەن خۆمانەوە پاداشتێکی گەورە
وە ڕێنموونیمان دەکردن بۆ ڕێگای ڕاست
وە ھەر کەسێک گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر بکات جا ئەوانە لەگەڵ کەسانێکن کە خوا فەزڵ و بەھرەی (خۆی) ڕشتووە بەسەریاندا لە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەھیدان و پیاوچاکان وە ئەوانە چ ھاوڕێ و ھاوەڵێکی چاکن
ئەو فەزڵ و بەھرەیە تەنھا لەلایەن خواوەیە وە بەسە کە خوا زانایە (بەھەموو شتێک)
ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە ئاگاداریی خۆتان وەرگرن ئەوسا تاقم تاقم ھێرش بەرن (دەرچن بۆ جیھاد) یان ھەموو پێکەوە ھێرش بەرن (دەرچن بۆ جیھاد)
وە بێگومان لە ناوتاندایە کەسی وا بەڕاستی خۆی دوا دەخات جا ئەگەر تووشی بەسەرھاتێکی خراپ ھاتن دەڵێت بەڕاستی خوا فەزڵ و بەھرەی ڕشت بەسەرمدا کە لەگەڵیاندا ئامادە نەبووم
وە ئەگەر تووشی فەزڵ و بەھرەیەک بوون لە خواوە بێگومان دەڵێت وەک لەنێوان ئێوە و ئەوا ھیچ دۆستایەتی یەک نەبوو بێت ئەی خۆزگە لەگەڵ ئەواندا بوومایە تا قازانجێکی زۆر گەورەم بکردایە
کەواتە با بجەنگن لەڕێی خوادا ئەو کەسانەی کە ژیانی دونیا دەفرۆشن بەڕۆژی دوایی جا ھەرکەسێک بجەنگێت لەڕێی خوادا ئەمجا بکوژرێ (شەھید ببێت) یان زاڵ ببێت ئەوە دواتر پێی دەدەین پاداشتێکی گەورە