کەسانێك نابینیت کە باوەڕیان ھەبێت بە خوا وبەڕۆژی دوایی کە دۆستایەتی بکەن لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی خوا وپێغەمبەری خوا دەکەن (واتە: نابێت باوەڕداران دۆستایەتی وپشتیوانی بێ باوەڕان بن) ھەر چەندە ئەو دوژمنانەش باوکیان بن یان کوڕ وبرا وخزمیان بن، ئەوانە خوا باوەڕی لە دڵیاندا چەسپاندووە بەھێزی کردوون وسەری خستون بە قورئان وئیمان لەلایەن خۆیەوە وە دەیانخاتە بەھەشتانێکەوە کە جۆگە ئاوی زۆر دەڕوات بەژێر درەختەکانیاندا بە ھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، خوا لێیان ڕازی بووە، ئەوانیش لە خوا ڕازی بوون، ئەوانە کۆمەڵ ودەستەی خوان، ئاگاداربن کە تەنھا کۆمەڵ ودەستەی خودا ڕزگار وسەرفرازن
ھەرچی لە ئاسمانەکان وزەویدایە تەسبیحاتی خوا دەکات وە تەنھا ئەو زاڵ وباڵادەست وکاردروستە
خوا زاتێکە بێ باوەڕانی خاوەن کتێبی دەرکرد لە ماڵ وشوێنی خۆیان بۆ یەکەم کۆبوونەوە بە تەمانەبوون (ئەی موسوڵمانینە) کە (لە قەڵاکانیان) دەربچن خۆشیان وایان دەزانی کە قەڵاکانیان دەیانپارێزن لە (سزای) خوا بۆیە (سزای) خوایان بۆ ھات لە شوێنێکەوە کە گومانیان بۆی نەدەچوو وە خوا ترسێکی خستە ناو دڵیانەوە کە خانوەکانی خۆیانیان وێران دەکرد بە دەستی خۆیان وبەدەستی ئیمانداران ئەمجا پەند وەرگرن ئەی خاوەن بیرو ھۆشان
ئەگەر خوا دەربەدەری لەسەر بڕیار نەدانایە (لەسەر ئەو جولەکانە) بێگومان لە دونیادا سزای دەدان، لە ڕۆژی دواییشدا بۆ ئەوان ھەیە سزای ئاگری دۆزەخ