وە فریشتەکان دەبینیت چوار دەوری عەرشیان داوە تەسبیحات دەکەن بەستایشی پەروەردگاریان وە لەنێوانیاندا بەھەق دادوەری کرا وە (لەکۆتایدا) دەووترێت ھەموو سوپاس ھەر بۆ خوایە کەپەروەردگاری جیھانیانە
بە (حا، میم) دەخوێنرێتەوەو خوا بەواتای ئەم پیتانە زاناترە، سەرنجی سەرەتای سورەتی(البقرة) بدە دەربارەی واتاکەیان
ئەم قورئانە ھێنراوەتە خوارەوە لەلایەن خوای باڵادەست و داناوە
لێبوردەی تاوان و وەرگری تۆبەی (گوناھباران وتۆبەکارانە) (ئەو خودایە) تۆڵەی سەخت وبەتینە وە خاوەن فەزڵ و بەھرە و چاکەیە بێجگە لەو ھیچ پەرستراوێکی بەھەق و ڕاست نیە گەڕانەوەی ھەمووان ھەر بۆلای ئەوە
دەمە قاڵێ وکێشمەکێش ناکات لەنیشانەکانی خوادا بێباوەڕان نەبێت کەوا بوو فریوت نەدات ھاتوچۆ و گەڕانیان بەووڵاتدا (بۆ بازرگانی وسامان دەس خستن)
پێش ئەوان گەلی نوح باوەڕیان نەھێنا (بەنوح) وە دەستەو تاقمەکانی دوای ئەوانیش (باوەڕیان نەھێنا) و ھەموو گەلێك وویستوویەتی (نیازی کردووە) کە پێغەمبەرەکەیان بکوژن (یان بیگرن وئازاری بدەن) وە دەمەقاڵێیان (لەگەڵ) دەکرد بەناڕەوا بۆ ئەوەی ڕاستی پێ لابەرن و نەیھێڵن ئیتر (قار وتووڕەیی) من گرتنی جا چۆن بوو تۆڵەسەندنی من لەوان
وە ئابەو جۆرە بڕیاری پەروەردگارت بەدیھات لەسەر ئەوانەی بێ باوەڕ بوون کەبێگومان ئەوان دۆزەخین
ئەو فریشتانەی ھەڵگری عەرشن و ئەوانەش بەدەوریدان بەستایشی پەروەردگاریان تەسبیحات دەکەن وە باوەڕیان بەو ھەیە وە داوای لێبوردن دەکەن بۆ ئەوانەی ئیماندارن (دەڵێن): ئەی پەروەردگارمان میھرەبانی وزانیاریت ھەموو شتێکی گرتۆتەوە دەی خۆش ببە لەوانەی تۆبەیان کردووە و شوێنی ڕێگای تۆ کەوتوون وە بیانپارێزە لەسزای دۆزەخ