(ئەی موحەممەد ﷺ بیریان بخەرەوە) کاتێك کە پەیمانمان وەرگرت لە پێغەمبەران ھەروەھا لە تۆ ولەنوح ولەئیبراھیم و لەموسا و لەعیسای کوڕی مەریەم وە لە ھەموویان پەیمانی بەھێزو بتەومان وەرگرت
بۆ ئەوەی (خوا) پرسیار لەڕاستگۆیان بکات دەربارەی ڕاستییان و سزای پڕ ئێش و ئازاریشی ئامادە کردووە بۆ بێ باوەڕان
ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە بیر لەچاکە و نیعمەتی خوا بکەنەوە بەسەرتانەوە کاتێك لە شکرێکی زۆرتان بۆ ھات (لە جەنگی خەندەقدا) ئەمجا ئێمە بایەکی بەھێزمان بۆ ناردن و لەشکری (فریشتەش) کە ئێوە نەتان بینین وەخوا بەوەی ئێوە دەیکەن بینایە
کاتێك (بێ باوەڕان) ھێرشیان بۆ ھێنان لە سەرووتانەوە و لە خوارتانەوە (چوار دەوری مەدینەیان گرت) وە چاوەکان ئەبڵەق بوون و دڵەکان (لە ترسا) گەیشتبوونە گەروو و گومانی جۆربەجۆرتان بە خوا دەبرد
لەوێدا ئیمانداران تاقیکرانەوە وە ڕاوەشێنران بەڕاوەشاندنێکی توند
(بیربکەنەوە) کاتێك دوو ڕووەکان وئەوانەی لە دڵیاندا نەخۆشی ھەبوو ووتیان خواو پێغەمبەرەکەی بێجگە لە تەفرەدان ھیچ بەڵێنێکیان پێنەداین
وە کاتێك دەستەیە لەو (دووڕووانە) ووتیان: ئەی دانیشتوانی مەدینە ئێرە جێی مانەوەتان نیە دەی بگەڕێنەوە وە کۆمەڵێکی تر لەوان مۆڵەتی گەڕانەوە لەپێغەمبەر ﷺ دەخوازن دەیانووت: خانووەکانمان بێ پارێزەر و ڕووت و کەلێناویە لەکاتێکدا واش نەبوو (کەدەیانووت) ئەوان تەنھا مەبەستیان ھەڵھاتن بوو (لەجیھادکردن)
وە ئەگەر ھێرش بھێنرایەتە سەریان لە ھەموو لایەکی (مەدینە)وە ئەمجا داوای کافربوون و جەنگ کردنیان لێ بکرایە (دژ بەتۆ ئەی موحەممەد ﷺ) داواکەیان بەجێ دەھێنا (و بەگوێیان دەکردن) وە ئەم داوایان دوانەدەخست ماوەیەکی کەم نەبێت
بێگومان ئەوانە لەپێش ئەم (ڕوداوە) پەیمانیان بە خوا دابوو کە (لە غەزادا) پشت ھەڵناکەن و ڕاناکەن وە پەیمانێك درا بە خوا (خاوەنەکەی) لێپرسراو دەبێت