ئەوە بەڵێنی خوایە (کە ڕۆمەکان سەربخات) خوایش پێچەوانەی بەڵێنی خۆی ناکات بەڵام زۆربەی خەڵك نازانن
تەنھا ڕواڵەتی ئەم ژیانی دونیا دەزانن بەڵام بێ ئاگان لە ڕۆژی دوایی
ئایا ئەوانە لە دەروونی خۆیاندا بیریان نەکردوەتەوە کە خوا ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەی لە نێوانیاندایە دروستی نەکردووە بەھەق و ڕاستی نەبێت، وە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێگومان زۆرێك لە خەڵك باوەڕیان نیە بە خزمەت پەروەردگاریان بگەن (لە دوا ڕۆژدا)
ئایا ئەوان بەسەر زەویدا نەگەڕاون بۆ ئەوەی ببینن سەرئەنجامی ئەو (گەلانەی بێ باوەڕ بوون) لە پێش ئەمان چۆن بووە کە زۆر بەھێزتر بوون لە ئەمان (لە خەڵکی مەککە) و زەویان کێڵا (بۆ کشتوکاڵ) و ئاوەدانیان کردەوە زیاتر لەمان وە پێغەمبەرانیان بۆ ھات بە موعجیزە ڕوونەکانەوە بۆیە خوا ستەمی لێ نەکردوون (کە لەناوی بردوون) بەڵام خۆیان ستەمیان لە خۆیان کرد
پاشان چارەنووسی ئەوانەی کەتاوان و خراپەیان کرد سەخترین سزایە (کەدۆزەخە) لەبەر ئەوەی باوڕیان نەھێنا بە ئایەتەکانی خوا و ھەمیشە گاڵتەیان پێ دەکرد
خوا لەسەرەتاوە (ئادەمی) دروستکرد وە لە پاش (مردنیش) دروستی دەکاتەوە پاشان بۆ لای ئەو (خوا) دەگەڕێنەوە
وە ئەو ڕۆژەی قیامەت ھەڵدەسێ تاوانباران غەمبار و نائومێد دەبن
بێگومان لە ناو پەرستراوەکانیاندا تکاکارانێك نیە بۆ ئەوان و ئەوان بێ باوەڕ دەبن بە پەرستراوەکانیان (کە کردبوونیان بە ھاوبەشی خوا)
ئەو ڕۆژەی کە قیامەت ھەڵدەسێ (خەڵك) لەو ڕۆژەدا جیادەبنەوە لەیەکتر
ئەمجا کەسانێك کەباوەڕیان ھێناوەو کردەوە چاکەکانیان کردووە ئەوان لە بەھەشتدا دڵخۆش دەکرێن