ئایا ئەو کەسەت دیوە بێ باوەڕ بوو بە نیشانە و ئایەتەکانی ئێمە ووتی (لە ڕۆژی دواییشدا) ماڵ و کوڕم پێ دەدرێت
ئایا بەنھێنیەکان ئاگادارە یا بەڵێنی لە خوای میھرەبان وەرگرتووە
نەخێر (وانیە) لەمەوپاش ئەوەی دەیڵێت دەینوسین (لەسەری) ماوەی سزای بۆ درێژ دەکەینەوە
ئەوەی ئەو دەیڵێت (لەماڵ و منداڵ) بەمیرات لێی وەردەگرینەوە (لە ڕۆژی دواییدا) بەتەنھا دێتەوە لامان
ئەوانە بێجگە لە خوا بڕیاریانداوە بۆ خۆیان چەند پەرستراوێک بۆ ئەوەی ئەو پەرستراوانە ببنە یارمەتیدەر (و تکا کار) بۆیان
نەخێر (وا نیە) بەڵکو پەرستراوەکان (لە قیامەتدا) ئینکاری پەرستنەکەی ئەوان دەکەن وە دەبنە دژیان و بەرپەرچیان دەدەنەوە
ئایا نەتدیوە (سەرنجت نەداوە) کە بێگومان ئێمە شەیتانەکانمان زاڵ کردووە بەسەر بێ باوەڕاندا چاک ھانیان دەدەن (بۆ کوفر و تاوان)
جا (ئەی موحەممەد ﷺ) پەلەیان لێ مەکە بێگومان ئێمە بەژماردنێکی ورد (ڕۆژانی تەمەنیان) دەژمێرین
باسی ئەو ڕۆژە بکە کە پارێزکاران ولەخواترسان کۆ دەکەینەوە دەستە دەستە وکۆمەڵ کۆمەڵ بەڕێز وحورمەتەوە دەیانبەن بۆ لای خوای میھرەبان
تاوانباریش دەدەینە بەر بۆ دۆزەخ بە تینویەتی (بەوێنەی گەلە ئاژەڵ)
دەسەڵاتی تکاو لاڵەیان نیە جگە لەو کەسەی بەڵێنی لە خوای میھرەبان وەرگرتووە (وەک پێغەمبەران و شەھیدان)
(گاور وجولەکەکان) دەیانووت خوا منداڵی بۆخۆی داناوە
سوێند بەخوا بەڕاستی شتێکی زۆر نابەجێ و سەیر دەڵێن
نزیکە ئاسمانەکان لەت لەت و پارە پارە ببن لەبەر ئەو (قسەیە) و (نزیکە) زەویش شەق بەرێت و بقڵیشێ و(نزیکە) چیاکان بە یەکجار بڕوخێن
لەبەر ئەوەی (بێ باوەڕان) منداڵ دەدەنە پاڵ خوای میھرەبان
بۆ خوای میھرەبان شیاو نیە کە منداڵی ھەبێت
ھەموو ئەوانەی لە ئاسمانەکان و زەویدان بەبەندەیی دێنە لای خوای میھرەبان (ھیچ کەسێک لەوانە نیە بەندەی خوای میھرەبان نەبێت)
سوێند بەخوا بەڕاستی ھەموویانی سەرژمێری کردووە بە ژماردن
ھەر ھەموویان بە تاک و تەنھا دێنەوە بۆ لای (خوا) لە ڕۆژی قیامەتدا