سوێند بە خوا بێگومان ئێمە دروستمان کردووە چەند بورجێک لە ئاسماندا و ئەو (ئاسمانە) مان ڕازاندۆتەوە بۆ سەرەنجدەران و تەماشاکەران
و ئەو (ئاسمانە) مان پاراستووە لە ھەموو شەیتانێکی دەرکراو لە بەزەیی خوا
مەگەر ئەوانەی کە بە دزیەوە گوێ دەگرن یەکسەر گڕو ئاگرێکی دیار دوای دەکەوێت (وڕاوی دەنێت)
زەویشمان ڕاخستووە و چەند کێو و شاخی دامەزراومان تێدا داناوە و ڕواندوومانە تیایدا لە ھەموو ڕووەک و درەختێک بەڕێک و پێکی
وە لەو (زەویە) دا ھۆکارەکانی ژیانمان بۆ ئێوە ڕەخساندوە ھەروەھا بۆ ئەوانەش کە ئێوە ڕزق و ڕۆزیان نادەن
وە ھیچ شتێک نیە مەگەر خەزێنەکانی لای ئێمەیە و نای نێرین و نایدەین بەئەندازەی دیاریکراو نەبێت
وە بـا ( ھەوا) مان ناردووە کە پیتێنەری دارو درەخت بێت ئەمجا لە ئاسمانەوە بارانمان باراندووە, وە ئێوەمان پێ تێراو کردووە لە کاتێکدا ئێوە نەتان دەتوانی ئەو (ئاوە) خەزن بکەن
بێگومان ھەر ئێمە دەژێنین و دەشمرێنین ھەر ئێمەش میراتگری ھەمووانین
سوێند بە خوا ئێمە ئاگادارین بەوانەی لەپێش ئێوەوە بوون و سوێند بە خوا بێگومان ئەوانەش دەناسین کە پاش ئێوە دێن
بێگومان ھەر پەروەردگارت ھەموویان کۆ دەکاتەوە بەڕاستی ھەر خۆی کاردروست و زانایە
سوێندبێت بێگومان ئێمە ئادەمیمان دروستکرد لە قوڕێکی ڕەشی ترشاوی ڕەق
جنۆکەشمان پێشتر دروستکرد لە ئاگرێکی بەتین
(بیریان بخەرەوە) کاتێک پەروەردگارت بە فریشتەکانی فەرموو بەڕاستی من بەشەرێک دروست دەکەم لە قوڕێکی ڕەشی ترشاوی ڕەق
ھەر کاتێک ڕێک وپێکم کرد و فوم بە بەریدا کرد لە رۆحێک کە خۆم دروستم کردووە (مەبەست لەدانە پاڵی رۆح بۆلای خوا ڕێز و تەشریفە) دەبێ یەکسەر سوژدەی بۆ بەرن
جا فریشتەکان ھەموو تێکڕا سوژدەیان برد (بۆی)
ئیبلیس (شەیتان) نەبێت کە سەرپێچی کرد لەوەی کە لەگەڵ سوژدەبەراندا بێت (بۆ ئادەم)